یه‌که‌م دێڕی عه‌شق دا
له یه‌که‌م دێڕی عه‌شق دا
محه‌ممه‌د مسته‌فازاده - بانه
ده‌ستم به نووسینی چیڕۆکه‌که‌م کردبوو، ئه‌مهه‌ویست له هه‌موو قاره‌مانیه‌تی چیڕۆکه‌که‌م دا شاکچ بێت و شاژن بێت و هه‌موو شاکانی تریش. ئه‌و پێی وتبووم رێزدار فڵانی؛ ئه‌کرێ ده‌سته‌کانم بکه‌ی به شێعر؟ به‌ڵام خۆ من سه‌ره‌تای شاعرێتیم بوو، زۆر ئه‌ترسام له هۆنینه‌وه‌ی ده‌سته‌کانی چه‌ند په‌نجه‌یه‌کم له‌بیر چێ و ئه‌ڵقه‌ی چه‌ند په‌نجه‌یه‌کیش بوه‌رێ. ئه‌مگوت هه‌ر ئه‌مه‌ی ئه‌که‌مه سووژه‌ی چیڕۆکه‌که‌م، ده‌ستی ئه‌که‌مه پاڵه‌وانی چیڕۆکه‌که و ئه‌ڵقه‌یه‌کیش له قامکی دووهه‌می ده‌ستی چه‌پی دا ئه‌که‌مه سه‌ردێڕی شێعرێکی عاشق و بۆخۆشم ده‌بمه شاعر و له شێعردا ده‌یخۆمه‌وه و شێعراوی ده‌ستی ده‌گرم و شێعراوی ماچی ده‌که‌م و ئیتر هه‌ر به شێعریش هه‌موو شه‌رمه‌کانی تر ئه‌ڵێم.دوکه‌ڵی سیگاره‌که‌م لول له په‌نا ده‌فته‌ره‌که‌ی سه‌ر رانمه‌وه و به په‌نا گوێم دا سه‌ر ده‌که‌وت، به‌ڵام سیگاره‌که‌م هه‌مووی ببووه سووتوو، من چووبوومه سه‌ر ژێرسیگاره‌که و له ناو خۆڵه‌که‌دا چینه‌م ده‌کرد؛ نه‌م ده‌زای چیڕۆکه‌که‌م چۆن بنووسم. بیرم ده‌کرده‌وه ده‌مگوت: باشه بڵه‌ی ئه‌ویش عاشقم بووبێ؟ خۆزگه ده‌یگوت که: "تۆ بۆ نابی به مه‌جنوون و بمله‌یلێنی؟! ئیتر ئه‌وسا هه‌موو گیانم بکه به شێعر و به‌ڵام به‌قوربان نابینه ئه‌ستێره و ناچینه ئاسمان؛ له‌وێ له خوا نزیک ئه‌بین و من شه‌رمی لێ ئه‌که‌م ماچم که‌ی و ده‌ست خه‌یه سه‌ر سنگم و ئیتر شتی تریش...، له‌وێ خوا ئه‌مانبینێ؛ ئه‌گه‌ریش حه‌زت لێ بێ به درێژایی چیڕۆکێکی راسته‌قینه سه‌فه‌ر بکه‌ین، ئیتر له‌وه‌دوا هه‌تا ئاخه‌رین دێڕ هه‌ر عاشقت ئه‌بم و هه‌ر شاتم و ... ها؟ تۆ چی ئه‌ڵه‌ی؟" منیش له‌کاتێکا به چاوانیه‌وه رامابووم، بمگوتایه: "ئه‌رێ!!! بۆ کوێ بڵه‌ی له‌گه‌ڵت دێم و شێعر شێعر شێعر له عاشقانه‌ترین غه‌زه‌ل دا ده‌تنووسم و له سه‌روای باڵه‌کانت دا فێرت ده‌که‌م، بفڕین بفڕین تا ... نا بۆ لای خوا نا .....". ده‌ستم به نووسینی چیڕۆکه‌که‌م کردبوو؛ به‌ڵام هه‌ر له دێڕی هه‌وه‌ڵ دا مابووم، ئه‌مویست بینینی ئه‌و رۆژه‌ی بکه‌م به گه‌وره‌ترین چیڕۆکی عاشقانه و ئه‌ویش هه‌موو خه‌یاڵه‌کانم بڕه‌نگێنێ، شاکانی چیڕۆکه‌که جووتم بێ و له لێوه‌کانم و ده‌ستم و نیگاکانم و هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی ترم ده‌ستنوێژ نه‌شواته‌وه، حه‌رام حه‌رام ببمه شاعرمن پێنووسم لێ داوا کرد؛ ئه‌ویش ده‌ستی برد و له کیفی لاشانی دا قه‌ڵه‌مێکی سووری دامێ؛ من پێم وتبوو؟ بۆچی سوور؟! ئه‌ویش بێ ده‌نگ بووبێت و که‌مه‌کێک پێکه‌نیبێ! سه‌ر به‌رگی دووهه‌می کتێبه‌که‌م نووسی و پێشکه‌شم کرد؛ پێم وتبوو دوا خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌که رای خۆت ده‌رببڕه. به‌ڵام بۆچی نه‌موت پێم خۆشه زیاتر یه‌کتر بناسین؟ یه‌کتر ببینینه‌وه؛ ئه‌رێ له کوێ بتبینمه‌وه؟ یان لانی که‌م ژوماره‌که‌تم به‌رێ.رقێکی چکۆله تێمدا له‌نگه‌ری گرت و به داخێکه‌وه پێنووسه‌که‌م فڕێ دایه سه‌ر ده‌فته‌ره‌که و دوا ماوه‌یه‌ک تاسان هه‌ستامه سه‌ر پێ، به‌ره‌و موبایله‌که‌م که به لایێکی ئاوێنه‌که‌وه هه‌ڵمواسی بوو و ده‌مێک بوو ده‌نگی زه‌نگێ، په‌یامێ سه‌ڵای خۆشه‌ویستی تیا نه‌خوێندبوو؛ ده‌ستم به ئۆکه‌که‌ی داهێنا؛ "کوڕه به‌ڵێ! 40 تماس بی پاسخ!!کێ زه‌نگ بۆ من لێ ئه‌دا و په‌یامم بۆ ئه‌نێرێ؟!!" – به زه‌رده‌خه‌نه‌یێکه‌وه - هۆشم له خۆم نه‌بوو که له‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌که دانیشتووم و ...
- ئه‌رێ ژنه‌که من ئه‌وشۆ که‌ی خه‌وم لێ که‌وت؟
- نازانم، تا دره‌نگانێک ده‌ستت له سنگما ده‌یانجریواند.
- ئه‌رێ ئه‌تۆ ناڵه‌ی مناڵێکمان ببێ چاوه‌کانی شین بن هه‌ر له دایکی بچێ و ده‌م خشتیله‌یه‌کی لوت نوقڵه و باڵا به‌رزه هه‌ر له دایکی بچێ و ....
نه‌هێڵێ قسه‌که‌م ته‌واو که‌م:
- شاعر بێت و هه‌ر له باوکی بچێ!!!
ئیتر ئه‌وجار هه‌ردووکمان پێکه‌نیبین.
راچه‌نیم له سه‌ر په‌نجه‌ره‌که و به‌ره‌وه لای ده‌فته‌ره‌که‌م چوومه‌وه، وتم ئه‌مه‌یان ئه‌که‌مه چیڕۆک و منداڵه چاو شین و باڵابه‌رز و ده‌م و لوت بچکۆله‌که‌ی هه‌ر له دایکی ئه‌چێ ... نووسه‌ریشه وه‌ک باوکی؛ به‌ڵام بۆ قه‌د نه‌م ئه‌وت چیڕۆک نووس و رۆمان نووس بێ وه‌ک باوکی؟ بیرم هاته‌وه .... ئاخ!!من بۆچی ئه‌و رۆمانه‌م دایه ...، خۆ ئه‌و رۆمانه خۆشه‌ویستی نیه؛ هه‌ر باسی ده‌رد و ئازاری دووره وڵاتی و بێ نیشتمانی و ده‌ربه‌ده‌ری ده‌کا!!!... نا ....هیچ نیه؛ بۆ بڵه‌ی ئه‌و هه‌ست به‌م ئازارانه نه‌کا؟ بۆ ئه‌و خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته نیه؟! نا دڵنیام حه‌زی لی ئه‌بێ و ئه‌ویش عاشقم ده‌بێ، به دوام دا ده‌گه‌ڕێ و یه‌کتر ده‌دۆزینه‌وه و ده‌سازێین، له‌گه‌ڵ یه‌ک ده‌چینه ژوان و ماچی ده‌که‌م و ... ده‌ی له‌یلێنم ....؛ کوڕه به‌ڵێ خه‌یاڵ پڵاوه؛ جا ئه‌ی بۆ ناڵێم چۆن ئه‌توانم له‌گه‌ڵی بچمه‌ده‌ر؟ بڵه‌ی باوک و برای نه‌بن؟ نا!! هه‌رگیز له‌گه‌ڵم نایه‌ته‌ده‌ر و ده‌ترسێ، ره‌نگه ئه‌ویش هه‌واڵی کچه‌که‌ی دوێنێی بیستبێ و که له ده‌ر و کۆڵانان بڵاو بۆوه، کچێکی چه‌ند کۆڵان به‌ولاوه‌تر له سه‌ر خۆشه‌ویستی به ده‌ستی براکه‌ی کوژرا! شایه‌د باوک و براکه‌ی ئه‌ویشیان ئامۆژگاری کردبێ و تووڕه بووبن که ئه‌گه‌ر.... ناکوڕه با هێنده‌ی قوڵ نه‌که‌مه‌وه ده‌ی! ده‌ی منیش زه‌نگی بۆ لێ ئه‌ده‌م و ناهێڵم که‌س بزانێ.
ده‌ستم به نووسینی چیڕۆکه‌کم کردبوو، نووسیبووم:
" ئه‌و له عه‌سرانه‌یه‌کی عاشق دا و له شه‌قامێکی عاشق دا و له کۆڵانێکی عاشق دا؛ شانیگایێکی عه‌تراوی، شاباڵایه‌کی له‌نجه و چه‌ند شا زیاتر شاژنێکی عاشق ب ب بوو ..."
تاسام! موچڕکێ به به‌ری پێما هات له تۆقی سه‌رم ده‌رچوو؛ نه‌م ئه‌زانی چی بنووسم و ساژنه عاشقه‌که به‌ره‌و کوێ ئه‌مبات! زۆر ئه‌ترسام چیڕۆکه‌که‌م بێ ئاکام بێ، یان لێم بپچڕێ و نه‌زانم به‌ره‌و کوێ ئه‌ڕوا!!!
شاژنی چیڕۆکه‌که‌م حه‌جمانی نه‌مابوو، قێزی له بۆیه‌ی سه‌ر نینۆکی هه‌ڵده‌ستا و ده‌ڕشایه‌وه، به گژ بازنکانی ده‌ستی دا ئه‌هات، به له‌چکه‌که‌ی سه‌ری هه‌ناسه‌ی سوار ده‌بوو وه‌ختا بخنکێ، له ده‌ستی کۆمه‌ڵگا و شه‌ریعه‌تێکی گه‌نده‌ڵ هه‌ڵده‌هات؛ تفی له نێوگه‌ڵی خۆی ده‌کرد و له ژن بوونی وه‌ڕه‌ز بوو....!
هیچ نه‌مابوو بینووسم، شاژنی چیڕۆکه‌که‌م، که شاکانی ده‌ماری من و عه‌شقم بوو، له یه‌که‌م دێڕا خۆی سووتاند.