میرزا سه‌عدوڵڵای خه‌دیری، شاعیری نه‌ناسراو
میرزا سه‌عدوڵڵای خه‌دیری، شاعیری نه‌ناسراو
دیمانه: فاتێح مسته‌فایی
ئێوارە ساتێ، چەند دۆست و هەڤاڵێ،لە سەر سینگی شەقام، بەرەو ته‌نیا پارک شار وەڕێ کەوتین. لە ژێر دارێکی کۆن کە چڕنووکی سەدام ڕوکاندبووی ئاپۆڕەمان بەست، ده‌ستمان کرد به باسێکی خەست. یەکێ ئیفلاتوون و یەکێ سوقەرات و پارکیش ئاکادمیکی یۆنان.
لە ناکاو پیاوێکی گۆچان بەدەستی تەواو هەجیجی، هێدی هێدی بۆ لامان هات. بۆ چەند ساتێ وام زانی یارمەتی ئەوێ! لە ناکاو ڕاچڵەکام، لە خۆم پرسی هەجیجی و سواڵ؟!کورە هەجیجی لە سەر بەردی ڕەق بژێوی خۆی پەیدا ئەکا سواڵی چی؟! زۆرتر لێمان نزیک بۆوە. سەیرم کرد دەلاقەی چاوێکی داخراوەو چەن پەنجەی دەستی نەماوە. ئەو بە دەنگی گڕ ئێمەش سارد و سڕ، ماندو نەبوونی لێ‌کردین. پرسی کامتان زۆر زانا‌و ژیرن، کامتان زۆر بە بیرن و پوختە بۆم بنووسێ سێ دێڕی بێ نوختە.
لێمان بو بە مقۆ مقۆ، هەرچەندمان کرد ڕاستەی نەهات و دۆش دایبردین. مامەی هەجیجی خۆت بفەرموو،بە ڕوانینێک پڕماناو بزەیک پێی گوتین ئێوە ئەوە نین. زۆر لەسەر خۆ، لە بن دەستی چۆخەکەیدا، دەفتەرێکی کۆنی زەرد هەڵگەڕاوی شڕ و دڕی دەر هێنا و بێ‌وچان سێ لاپەڕەی بێ نوختەی بۆ خوێندینەوە و ئیمه‌ش سەرمان سوڕ ما.
هه‌ر ئه‌و چاو پێکه‌وتنه بوو به ده‌سپێکی دۆستایه‌تیم له گه‌ڵ میرزا سه‌عدوڵڵا خه‌دیری. هات و چومان ده‌ستی پێ‌کرد، شاعیرێکی هه‌ستیارو ورد بین. جار به جار ئه‌هات بۆ ماڵه‌وه‌و تا دره‌نگانێک گوێبیستی هه‌ڵبه‌ست و هۆنراوه‌ی ئه‌بووم. پیاوێکی به ساڵاچوی قسه خۆش و ده‌م به پێکه‌نین که دێوزمه‌ی ڕۆژگار چنگی له ده‌ست و چاوو گوێی وه‌شاندبوو و ته‌نیا له ڕێگای نوسینه‌وه پێوه‌ندیم له گه‌ڵی بوو. دیمانه‌یه‌کم له گه‌ڵی ساز کرد که به داخه‌وه ته‌له‌ڤزیۆنێکمان نه‌بوو بڵاوی بکه‌ینه‌وه.
له‌و چه‌ند ساڵه‌ی ئاشنایه‌تی و هات و چونه‌دا، زۆر بیره‌وه‌ری تاڵ و شیرینی بۆ گێڕامه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که زۆرتر جێگای سه‌رنج و تێڕامان بوو، ئه‌وه بوو بۆ جارێکیش نه‌مبینی له به‌رانبه‌ر خه‌م و خه‌فه‌ت خۆی به کز بزانێ و به‌و که‌م ئه‌ندامییه‌وه- بێ به‌ش له چاوێک، سێ په‌نجه‌ی و هه‌ر دووگوێچکه‌ی- هێشتا زۆر پیاوانه ئه‌ژی و بژێوی ژیانی له ڕێگای کڵاش کردنه‌وه دابین ئه‌کرد.
ئاواتی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌وه بوو ڕۆژێ شێعره‌کانی چاپ و بڵاو بکرێته‌وه. ئه‌م ئاواته‌ی نه‌برده ژێر گل و به هه‌وڵ و تێکۆشانی لێکۆڵه‌ری به‌ڕێز و دۆستی خۆشه‌ویستم کاک "جه‌میل فارۆقی" دیوانی میرزا سه‌عدوڵڵا خه‌دیری که‌وته به‌رده‌ست هۆگرانی هه‌ڵبه‌ست و هۆنراوه‌ی کوردییه‌وه.
ئه‌نجومه‌نی فه‌رهه‌نگی - ئه‌ده‌بی مه‌ریوان، له مانگی به‌فرانباری ئه‌مساڵدا، به به‌شداری جه‌ماوه‌رێکی زۆر له فه‌رهه‌نگ دۆستان، دوانیوه‌ڕۆ کۆڕێکی بۆ ڕێزلێنان له ته‌مه‌نێ ماندو بوون و شه‌و نخونی ئه‌و شاعیره پیره ساز کرد. شاعیریش ته‌نیا جوڵه‌ی لێو و لێکدانی ده‌ست و برقی فلاشی کامێراکانی ئه‌بینی.
کاک جه‌میل فارۆقی بۆ کۆکردنه‌وه‌و ئاماده‌کردنی ئه‌و دیوانه زه‌حمه‌تێکی یه‌کجار زۆری کێشاوه، هه‌ر بۆیه به‌باشم زانی ئه‌م دیمانه‌یه له گه‌ڵ به‌ڕێزیان ساز بکه‌م، جێگای ئاماژه‌یه که، ئه‌م نووسه‌ره پێشتر سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌کانی "مه‌لا خزری ڕوار"یشی کۆکرده‌وه‌و له چاپیدا.
کاک جه‌میل له زمانی خۆیه‌وه بناسین:
من جه‌میل فارۆقی کوڕی مامۆستا شێخ جه‌لیلی فارۆقی، ساڵی 1354ی ک.ه له ئاوایی ده‌مه‌یه‌وی "هه‌ورامان" له دایک بوم. خوێندنی سه‌ره‌تاییم هه‌ر له‌وێ ده‌ستپێکردووه و دوای ئاواره‌یی و کۆڕه‌وی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، له زه‌کریان و به‌رقه‌ڵا ئه‌و قؤناغه‌م ته‌واو کردووه. پاشان چومه‌ته حوجره‌و له خزمه‌تی کاکم: مامۆستا کاکه شێخ و مامم: مامۆستا شێخ جه‌لال و ئامۆزام: مامۆستا شێخ زاهید درێژه‌م به خوێندن دا. دوای ئه‌م لاو ئه‌ولایه‌کی زۆر، له خزمه‌تی مامۆستا شێخه‌لیسلامی له سنه خوێندنی حوجره‌م ته‌واو کرد. شایانی باسه خوێندنی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندیم به شێوه‌ی "متفرقه" له په‌نای خوێندنی حوجره‌دا درێژه پێدا و له دوای سه‌رکه‌وتن له کێبه‌رکێی زانکۆ‌دا، ساڵی 1379 له زانکۆی تاران ماسته‌ر (فوق لیسانس)م گرتووه و بۆ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ وه‌کوو مامۆستا له دایه‌ره‌ی په‌روه‌رده‌و بارهێنان (آموزش و په‌روه‌رش) و زانکۆی په‌یام نوور وانه‌م وتووه‌ته‌وه‌و ئێسته‌ش نیشته‌جێی مه‌ریوانم و ده‌فته‌ری ئه‌سنادی ره‌سمیم هه‌یه.
چه‌ند ساڵ خه‌ریکی ئه‌و دیوانه بویت؟
زیاتر له حه‌وت ساڵ خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌و ڕێکخستنی ئه‌م دیوانه بووم.
چ ئاسته‌نگێک له به‌رده‌م ئه‌م کاره‌دا بوو؟ئه‌گه‌ر چی شاعیر زیندوو بوو، بۆ چی ئه‌وه‌نده‌ی خایاند؟
چه‌ندین که‌ند و کۆسپ هه‌بوون که هه‌ندێکیان پێوه‌ندییان به خۆمه‌وه بوو، وه‌کوو: خه‌ریک بوونم به مامۆستایی و وه‌رگێڕانی قورئان به هه‌ورامی و له ئاخر و ئۆخری کاره‌که‌ی ئاسه‌واری مه‌لا خزری ڕواری و بنه‌ماڵه‌که‌یدا بووم. هه‌ندێکیشیان په‌یوه‌ندییان به میرزاوه بوو، وه‌کوو: ئه‌مه که میرزا کاتێ من ناسیم، گوێی له ده‌ست دابوو و ئه‌وه‌ش له ده‌رووندایه، بۆ قسه کردن و پرسین و ڕاگۆڕینه‌وه، هه‌مووی ناکرێ بنوسرێت. میرزا ته‌واوی ئه‌و شێعرانه‌ی له دوتۆی ده‌فته‌رکه‌یدا نه‌نوسیبۆوه، به‌ڵکوو له پشت کاغه‌زه جگه‌ره و به‌رگه پوشه‌و کاغه‌زی له‌ت و کوته‌وه که پڕ تووره‌که‌یه‌ک بوو نووسیبویه‌وه. هه‌روه‌ها زۆربه‌شیان فتوکۆپی بوون و بۆ خوێندنه‌وه و ڕاست کردنه‌وه زۆر دژوار بوون. شێعر‌و هۆنراوه‌کانی میرزا له باری دانانه‌وه له هیچ یاسا و ڕێسایه‌ک په‌یڕه‌ویان نه‌ئه‌کردو له نێوان ئه‌م لاپه‌ڕه له گه‌ڵ ئه‌و لاپه‌ڕه‌ی تردا هیچ په‌یوه‌ندیه‌ک وه‌دی نه‌ئه‌کرا و هه‌ر ئه‌م ڕێکخستنه‌وه‌یه زۆری خایاند.
له وه‌ڵامی به‌شی دووهه‌می پرسیاره‌که‌دا، ئه‌بێ بڵێم ڕاسته که میرزا زیندوو بوو، به‌ڵام من نه‌متوانی له هه‌لی زیندوو بوونی که‌ڵکی ئه‌وتۆ وه‌ربگرم، هه‌ر وا که پێشتر ئاماژه‌م پێدا، په‌یوه‌ندی گرتن و چونه ناوی قوڵایی باس و خواس، له گه‌ڵ میرزا ئه‌سته‌م بوو، یه‌که‌م هۆ ئه‌وه بوو نه‌یئه‌بیست و هۆی دووهه‌میش ئه‌وه بوو که میرزا له شوێنێکی دیاری کراودا نیشته‌جێ نه‌بوو و هه‌رچه‌ند ڕۆژ له ماڵی یه‌کێ له منداڵه‌کانیدا دائه‌نیشت. هه‌ندێ له شێعره‌کانی لای خۆی نه‌بوون، بۆ خۆم له ژاوه‌رۆ هه‌تا پاوه به شوێنیان‌دا گه‌ڕام. کاتی وابوو شێعره‌کانم ڕێک ئه‌خست و پیتچینی ئه‌کران، به‌ڵام چه‌ندین هۆنراوه‌ی تریش یان له لای خۆیه‌وه یان له لایه‌ن که‌سانێکی تره‌وه ده‌ست ئه‌که‌وت، ناچار ئه‌بووم خشته‌ی دیوانه‌که سه‌ر له نوێ تێک بده‌مه‌وه، واش بزانم کۆکردنه‌وه‌ی دیوانێک ئه‌وه‌نده ساڵ فره نییه.
تایبه‌تمه‌ندی شێعری میرزا سه‌عدوڵڵا له چیدا ئه‌بینی؟
له‌و ڕوانگه‌وه که میرزا زۆر هه‌وراز و نشێوی بڕیوه‌و ڕچه‌ی سه‌خڵه‌تی ژیانی شکاندووه و ده‌رد و ئازاره‌کانی خه‌ڵکی هه‌ست پێکرووه‌و و له ناخی خه‌ڵکیدا ژیاوه و به پێی ئه‌وه‌ی که زانایان ئه‌ڵێن: "ئه‌ده‌بیات له ناو خه‌ڵکی دێهات و ده‌وار و هه‌وار وه‌ربگره و زانیاریش له شار، میرزاش وه‌کوو مامۆستا قانێع له گه‌ڵ کولتور و فولکلۆر و ئه‌ده‌بیاتی عامیدا، زۆر تێکه‌ڵاو بووه. هه‌وڵی داوه له گه‌ڵ دڵی ئه‌و خه‌ڵکه‌دا بجوڵێ و له گه‌ڵیان بدوێ و تا ڕاده‌یه‌کیش سه‌رکه‌وتوو بووه، له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پسپۆڕانه شێعری داناوه‌و به پێوه‌ری زانایانی شێعرناس ئه‌توانی به شێعریان بزانی و ئه‌م شێعرانه‌ش که‌م نین.
ئایا میرزا سه‌عدوڵڵا له شێعره‌کانیدا له که‌سێ په‌یڕه‌وی کردووه؟ یان کام شاعیر له سه‌ر میرزا سه‌عدوڵڵا کاریگه‌ری هه‌بووه؟
میرزا، هیچ کات بۆی نه‌لواوه که کتێبخانه‌یه‌کی هه‌بێت و کاتی ئه‌وه‌شی نه‌بووه دابنیشێ شێعری شاعیران بخوێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر چی ئه‌م دادوه‌رییه تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌سته‌مه، به‌ڵام زۆرتر له مه‌وله‌وی و بێسارانی په‌یڕه‌وی کردووه. ئه‌ویش له به‌ر ئه‌وه بووه که شێعری ئه‌و شاعیرانه له هه‌وراماندا له سه‌ر زمانی خه‌ڵکی و سیاوچه‌مانه‌بێژان زۆر بووه، هه‌ر وه‌ها میرزاش بۆ ورده‌واڵه فرۆشتن و گه‌ڕان به شوێن بژێوی ژیانیدا، کوردستانی ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی شه‌ن و که‌و کردووه و شێعری زۆربه‌ی شاعیران و زانایانی بیستووه، وه‌ک خۆی ئه‌ڵێ: کۆڵ به کۆڵ ته‌ناف مه‌ینه‌ت جه‌مل بێ، سروشتی دڵ ڕفێنی ئه‌م کوردستانه زۆرترین کاریگه‌ری له سه‌ر شێعره‌کانی بووه.
جه‌نابتان به‌رهه‌مه‌کانی مه‌لا خزری ڕواریشتان کۆکردۆ‌ته‌وه چ خاڵێکی هاوبه‌ش یان جیاوازییه‌ک له نێوانیاندا هه‌یه؟
به ڕای من خاڵی هاوبه‌شیان که‌مه، به پێچه‌وانه‌وه خاڵی جێاوازیان زۆرتره. مه‌لا خزری ڕواری وه‌کوو مه‌لایه‌کی زۆر زانا و وانه‌بێژ و سیاسه‌تمه‌دارێکی لێهاتوو، که چه‌ندین جار به نوێنه‌رایه‌تی میرنشینه‌کانی کوردستان هات و چووی شیرازی کردووه و له گه‌ڵ که‌ریم خانی زه‌ندا دانوستانی هه‌بووه - زۆربه‌ی میر و خانه‌کانی کوردستان هه‌وڵیان داوه که مه‌لای ئه‌وان بێت - مامۆستایه‌کی وانه‌بێژ و له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ناسراو و ناوداری کوردستان بووه، به‌ڵام میرزا سه‌عدوڵڵا له خوێنده‌واریدا هه‌ر میرزایه و نه‌بووه به مه‌لا، وه‌کوو فه‌قێ قادری هه‌مه‌وه‌ندی که له فه‌قێیه‌تی ده‌رنه‌چووه.
خاڵه هاوبه‌شه‌کانیان ئه‌وه‌یه، مه‌لا خزری ڕواری له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا مه‌لایه‌کی ته‌واو بووه و عه‌ره‌بی و زانسته‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی به باشی زانیوه‌وه و ئه‌گه‌ر له مه‌لاکانی تر باشتر نه‌بووبێ که‌متر نه‌بووه، به‌ڵام به زمانی ئه‌و خه‌ڵکه شتی نووسیوه که له ته‌ک میرزا سه‌عدوڵڵادا، له‌م خاڵه‌دا یه‌ک ئه‌گرنه‌وه. ئه‌مه‌ش بزانین مامۆستای ڕوار ئه‌گه‌ر شاعیریش بوبێ شێعری نه‌وتووه ئه‌وه‌شی که هه‌یه هۆنراوه‌یه به‌ڵام میرزا شاعیره.
میرزا سه‌عدوڵڵا بۆ چی به میرزایی ماوه‌ته‌وه؟
هه‌ر وه‌کوو له ژیاننامه‌که‌یدا به درێژی باسم کردووه، میرزا له سه‌ره‌تای خوێندنیدا ڕوداوێکی دڵته‌زێن چاره‌نووسی ئه‌گۆڕێ و ئه‌ویش له ده‌ستدانی سێ په‌نجه ده‌ست و چاوێکییه، لای هه‌موانیش ڕونه که هه‌جیجی زۆر سه‌ربه‌رزانه ژیاون و منه‌تی که‌سیان نه‌کێشاوه. کاتێ میرزا ئه‌و ڕوداوه‌ی بۆ پێش دێت له که‌سێ ئه‌بیسێ که ئه‌ڵێ " ئه‌م که‌ره‌کۆڵه بۆ سواڵ تاشراوه"! میرزاش ئێشی ده‌ست و چاوی له بیر ئه‌چێته‌وه و ده‌س له خوێندن هه‌ڵ ئه‌گرێت و مل ئه‌نێ به کار‌و باری ژیانه‌وه و ئیتر به میرزایی مایه‌وه.
ئه‌وه‌ی من بزانم سێ رووداو له ژیانی میرزادا ڕووی داوه:له ده‌ست دانی چاوێک و سێ په‌نجه، ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری و دووری و جیایی له خێزانه‌که‌ی، ئه‌م ڕووداوانه چ کاریگه‌رییه‌کیان له سه‌ر شێعره‌کانی میرزا هه‌بووه؟
سه‌ره‌تا باسی ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری بکه‌ین که بۆ هیچ کوردێک – به نا شوکری نه‌بێ – ڕووداوێکی نامۆ نییه به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر زانا، شاعیر یان هونه‌رمه‌ند بێ، مامۆستا هێمن وته‌نی:
به‌شی کوردێکی زانا له‌م وڵاته مه‌ینه‌ت و ده‌رده
ئه‌وه‌ی نه‌ت ویست بڵێ ڕه‌ببی به ده‌ردی کوردی زانا چی
کارێگه‌ری ئاواره‌یی و په‌ریوه‌یی هه‌ستی خۆشه‌ویستی نیشتمانیان له لای میرزا وروژاندووه، کاتی باسی زێده‌که خۆی ئه‌کا، فه‌رهه‌نگێکی جۆغرافیایی له ناو ده‌شت و ده‌ر و هه‌ردو هه‌وێڵ و چیا و به‌نده‌نی ئه‌و وڵاته ناو ئه‌با که له توانای هه‌موو که‌س دا نیه.
که‌م ئه‌ندامییه‌که‌ی میرزا له هه‌وه‌ڵی ژیانیه‌وه و که‌ڕی له سه‌رده‌می پیریدا، هه‌ستی سه‌ربه‌رزی له میرزادا به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو بزواندووه و بووه به ژانی بوونی شێعره‌کانی و له ساواییه‌وه پێگه‌ییون. په‌شێو ووته‌نی: هه‌ڵبه‌ستم زۆرن/هه‌ندێکیان کۆشکن/هه‌ندێ ته‌لارن/هه‌ندێ خانوچکه‌ی ته‌پیو و نه‌وی/ به‌ڵام ئه‌وانه‌ی بۆ تۆم نوسیون ئه‌بن به شاکار له جوانترین پێته‌ختی زه‌وی.
ئه‌و شێعرانه‌ی میرزا که بۆ خۆی و ئه‌شقی خۆی نووسیویه‌تی له شێعره‌کانیدا شاکارن.
جیایی له خێزانی بۆ خۆی فایلێکی جیاوازه، هاوسه‌رێ که له هه‌ورازو نشێوی ژیانیدا هاوڕاز و هاوڕێی میرزا بووه و باخێکی به به‌ریان پێگه‌یاندوه به‌ڵام وه‌ک ئه‌ڵێن: "باخ ئاما سه‌مه‌ر، وێم ڕه‌نجه‌ڕۆ بیم"، وه‌کوو نه‌خۆشییه‌کی ده‌روونی بینای ناسازگاری له ته‌ک میرزا دامه‌زراند و به هیچ شێخ و پیرێک چاک نه‌بویه‌وه و هه‌تا چووه ناو گڵ ئاشتییان نه‌کرده‌وه‌و کورد گوته‌نی" دیاره‌و قیامه‌ت که‌وتن". ئه‌مه زامێکی قووڵتر له زامه‌کانیتری بوو و میرزای زۆرتر پیر کرد و ئاسه‌واری له شێعره‌کانی میرزادا به‌رچاوه.
خاڵه ئه‌رێنی(مثبت) و نه‌رێنی(منفی)یه‌کانی شێعری میرزا سه‌عدوڵڵا له چ شتێکدا ئه‌بینن؟
هیچ که‌س ناتوانێ باشی ته‌واو و ڕه‌ها(مطلق) یان خراپی مطلق بێ و ئاقاری مرۆڤه‌کانیش هه‌روایه. شێعری میرزایش له‌م بنه‌ما جیاواز نییه، له‌وانه ئه‌توانین ده‌س بنینه سه‌ر چه‌ند خاڵی لاوازی شێعری میرزا وه‌کوو: ئاستی نزمی خوێنده‌واری و وردی شاعیرانی تر و دیارده‌ی "تکلف" له بڕێ له شێعره‌کانیدا وه‌کوو: شێعری پێچه‌وانه و بێ نوخته و هه‌ندێ شێعری تر.
خاڵی به‌هێزی له شێعری میرزادا، پسپۆڕیی و ده‌و‌ڵه‌مه‌ندی هه‌نبانه‌ی وشه‌ی هه‌ورامی له لای میرزاو شاره‌زایی له کولتور و زانین و ناوی شوێن و ناوچه‌کانی کوردستان به تایبه‌ت هه‌ورامان و داهێنانیه‌تی له وێنه‌ی شێعری تازه‌و پاراودا.
کام شێعری شاعیر له سه‌ر جه‌نابتان کاریگه‌ر بووه؟
کاتێک شێعره‌کانی خۆی له به‌رده‌ممدا هه‌ڵڕشت، وتی ئه‌مه دیوانی منه، تا ڕاده‌یه‌ک دڵ‌سارد بووم به‌ڵام به ڕێکه‌وت، دوای ئه‌م دیو و ئه‌و دیو کر‌دنی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌کی په‌رپووت، له کاغه‌زێکی زه‌ردی کۆندا شێعری خه‌سته‌خانه‌که‌یم به‌رده‌ست که‌وت، ئه‌و شێعره‌م زۆر پێ جوان بوو- بۆ خۆم هه‌ر کات شێعرێکی جوان ئه‌بینم وه‌کوو که‌سێکی تامه‌زرۆی وه‌رزی به‌هار له سروشتێکی ئه‌فسووناوی به گو‌ڵ و گیا خه‌مڵاو چ هه‌ستێکی هه‌یه له‌وانه‌یه زیاتر گه‌شه بکه‌م- له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر میرزا ته‌نیا ئه‌وه‌ی ببوایه له لام شاعیر بوو. که‌چی داهێنان له زۆرشێعری تری‌دا هه‌یه به تایبه‌ت، شێعره هه‌ورامیه‌کانی.
ئێوه هه‌ڵسنگاندنێکتان له نێوان مه‌وله‌وی و میرزا سه‌عدوڵڵادا کردووه چ خاڵێکی لێکچوو و هاوبه‌ش له نیوانیاندا هه‌یه؟
پێم وایه نه ته‌نیا له ناو شاعیرانی کورد به‌ڵکوو له ناو شاعیرانی گه‌لانی تر، که‌م شاعیر وه‌کوو حه‌زره‌تی مه‌وله‌وی له مه‌ڕ خۆمان ئه‌وه‌نده وێنه و شێعری جوان و تازه‌ی هه‌بێ و که‌متر شێعر و سوژه‌ی خوازراوی به کاربردبێ. نه میرزا و نه هیچ شاعیرێتر تا ئێسته به‌و پله نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دوو ڕوداو له شێعره‌کانیدا زۆر دیاره یه‌که‌م مردنی عه‌نبه‌ر خاتوونی خێزانی که چه‌مه‌رییه‌کانی بۆ خاتوو عه‌نبه‌ر به ڕاستی شاکارن، دووهه‌م له ده‌ست دانی چاوو نابینا بوونی که له چه‌ند شوێن باسی کردووه.
میرزایش خێزانی به جۆرێتر له ده‌ست داوه، له وانه‌یه مردنی ئاسانتر بوایه‌ت. ئه‌م دوورییه، دڵی میرزای زۆر ئێشاند و زۆر پێی زویر بوو، دووهه‌میان له ده‌ست دانی گوێی، وه‌کوو خۆی ئه‌ڵێ:ڕۆحی که‌وته زیندانی تاریکی ده‌نگ. ئه‌م که‌م ئه‌ندامییه له دڵ و ده‌روونی ناسکی شاعیردا ئاسه‌واری خۆی به جێ هێشتووه. من وتم ئه‌م ڕووداوانه له ژیانیا له ڕوداوه‌کانی ژیانی مه‌وله‌وی ئه‌چێت.
پێشوازی خه‌ڵک له دیوانی خه‌دیری چۆن بوو؟
به داخه‌وه له وڵاتی ئێمه‌دا ئاستی خوێندنه‌وه زۆر نزمه، به تایبه‌ت شێعر که کڕیاری تایبه‌تی هه‌یه ئه‌و که‌سانه بۆ کتێبی تازه و دیوانی تازه ئه‌پرسن زۆر که‌من. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی میرزایان ناسیوه چه‌ند ساڵه بێ سه‌برانه هه‌واڵی دیوانه‌که‌یان پرسیووه. باسکردنی له ڕادیۆ و کۆڕ و گۆڤاره‌کاندا مه‌ودای ئه‌م ناسینه فراوانتر ده‌کا.
پرۆژه و گه‌ڵاڵه‌ی داهاتووتان چیه؟
پرۆژه‌ی درێژخایه‌نم وه‌رگێڕانی قورئانی پیرۆزه به هه‌ورامی، که ده‌مێکه خه‌ریکم و هێشتا به ئاکام نه‌گه‌یشتووه. هه‌روه‌ها له درێژه‌ی زه‌نجیره‌ی ناسینی زانایانی کورددا، دووهه‌م کارم لێکۆڵینه‌وه و ڕاست کردنه‌وه‌ی کتێبێکی دوو به‌رگی سه‌ید عه‌بدوڵڵای بڵبه‌ره. ئه‌م کتێبه به فارسی باسی بنه‌مای خواناسی و "تصوف"ه که له نیوه‌یدام. چه‌ند کارێترم له به‌رنامه‌دایه که یه‌کێکیان وه‌رگێڕانی مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دی خانییه بۆ هه‌ورامی، به‌ڵام نازانم له ئاستیدا ده‌ردێم یان نه؟!
سپاس بۆ ئه‌وه‌ی کاتی خۆت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کانی ئێمه ته‌رخان کرد.
منیش سوپاسی ئێوه ده‌که‌م بۆ ئه‌م هه‌له که بۆتان ڕه‌خساندم که به‌ڵکوو هه‌نگاوێکیتر بێت بۆ ناسینی باشتری میرزا سه‌عدوڵڵا، شاعیری نه‌ناسراو.