سەید عەلی عەسکەری کوردستانی گۆرانیبێژی

گه وره‌ی کورد

شیلا گیلانی

 

سەید عەلی عەسکەری کوردستانی گۆرانیبێژی بەناوبانگی سنەیی لە ساڵی ١٨٩٢ی ز لە گوند و دۆڵی سەڵوات ئاوای سەر بە شاری سنە لە دایک بووە. سەیید نیزامی باوکی پیاوێکی ئایینی و پاکڕەوشتی ئەو ناوچەیە بووە،کە سەید عەڵی کوڕی هەر لە چرۆی هەرزەکاریدا ناردوەتە بەر خوێندن و حوجرە لای شێخە بەناوبانگەکانی شاری سنە قورئانی خوێندووە.

با بە هێوریەوە لە تەک ئێوەی خوێنەردا بچینە هەشتاکانەوە و بەرەو گوندە کەسک و چڕ و پڕەکەی سەڵواتاوا سەفەرێ خەیاڵاوی بکەین.

لە چرپەیەکی بێدەنگی کوێسان و زریوە زریوەی چۆمی سەڵواتاوادا هەورێکی ئاوس گرماندی و گریانی خۆشەویستیی بۆ زەوی نارد. پەپوولەیەکی نامەبەر، بە فڕکەفڕک چۆم و دۆڵی سەڵواتاوای بڕی و بەرەو ناو ئاوایی نیشتەوە. بە تەقەتەق دەرگا دارینەکەی ماڵی سەیدنیزام کەفتە جووڵە و پەیامی لەدایکبوونی 'سەیدعەلی'ـی گماند. پەڕەسێلکەکانیش دەنگی مەلۆتکەیان برد بۆ شاری سنە، سنەییەکان: خەڵکینە، هونەرمەندێ لە دایک بووە کە ژێی دەنگی ئاوسی هەزاران چریکەی ژیانەوەیە و هەموو پەلەوەرە دەنگخۆشەکانی  کوردستانی سەرسام کردووە.

دایکی سەید عەلیش بە خوایە شوکور بەم بەشیە، ئەی هەزار شەکور بەم بەشیە سەید نیزامی نارد بۆ ماڵی خزمەکان. در و دراوسێش بە خۆشی و پلەزیقان گوێزەبانیان بڵاو کردەوە. بۆنی قەیماخ و هەڵوا دەشت و دەری پاراو کرد.

باجی مەنیجە کچێکی ناباڵقی هێنا و لە نێوان هەردوو قاچیا مەلۆتکەی هێناو برد. بیسمیلا کۆرپەم ئەوە پەڵپینتم کرد با عمردرێژ بی کەنیشکێک خاس و ماقووڵ بێتە نسێبت.

بەشکەم عمردرێژ بی

  سوار ئەسپێ درێژ بی

کوڕمان بووگە کوڕمان بوو

گە

گش خەفەتمان لاچووگە

مەردم بێن بۆ ماڵ سەیی

دەس بگرن بیکەن شایی

هەفت جار ژنی بۆ تێرین

هەواڵ بۆ شا ئەنێرین

خەوم دیگە ناودارە

نازارەکەم نازارە

بەینێتر گڕ و گاڵ ئەکا

داوای ژن و ماڵ ئەکا

سەی نیزام گوێزەوانەکەم

دەی قەزاو لە گیفانەکەم

پەنج فرەس قەرانێ کەمە

فرە بە خۆ ناکەم گەمە

راسە مەنیجە خەوی

درۆ ناکا بە عمری

چەپ تەقنن مناڵەکان

هەواڵ بوەن بۆ دایکتان

دادەی بەرماڵێ بێرن

نوێژ شوکور بخوێنن

سەیزادە کوڕی بووگە

ئێش و خەمی دەر چووگە( موارەکە موارەک)

باجی مەنیجە ئەمری کرد، تەلێعا و مەلێعا( تەلێ و مەلێ) : دادەی ژنگەل، قازان و مەنجەڵ بێرن ئاگرەکەی بۆ خوەشکەن بێژن پەزە دێزگ سەربۆڕن، بیکەنە جەژن قوروان، تفاق مەولوویی حازر کەن. با لەو گڕ و دووکەڵە بێنە دەرەوە و سەڵواتاوای سەربەرز بەجێ بهێڵین و ماڵاوایی لە سەیزادە و باجی مەنیجەیش بکەین وسڵاوێک بۆ ڕۆحی پاکی سەید بنێرین.

دەڵێن گەنجێکی دڵاوا و خۆبەخش بووە و دایمە نەواکەی پێشکەش هونەر دۆستانی خۆی کردووە. باوکی سەید عەلی کە زانی کوڕەکەی بەهرەیەکی فراوانی هەیە، لە گەڵ خۆی بردی بۆ مزگەوتی دارۆڵئێحسان لە شاری سنە و ئامانەتی دایە دەست شێخ عەبدولمۆمن باوکی ئایەتوڵامەردۆخی نەمر. دەنگ و چریکەی سەید عەلی عەسکەر لە حوجرە و مزگەوتەکانی نیشتمانەکەیەوە تێپەڕی و ناوەندی ئێران و تارانیشی داگرت و دواتر گەییشتە میسریش. بە داخەوە وەختێ لە میسرەوە بانگیان کرد باوکی زۆر نەخۆش بوو ئیتر نەیتوانی بچێت. باوکیشی دایمە مووچیاری دەکرد لای خەڵک دەنگ هەڵنەبڕێ. سەید عەلیش بە ئەو پەڕی ڕێزەوە گوتبووی، باوکە گین دەنگیش هونەرێکی خواییە و نابی بیشارمەوە، مەگەر دەنی پەلەوەرەکان ئەشارگێتەوە؟

برا گەورەکەی سەید عەلی گوتوویە: سەید عەلی دروودی خوای لە سەر بێ هەموو ئامێرە مۆسیقاییەکانی دەناسی و خۆی مێلودیەکانی دادەنا بە بێ ئەوەی ماموستایێ فێری کردبێ.  شیعرە کلاسیکەکانیشی دەکردە گورانی.

ئەو شاعیرانەی کە شیعرەکانیانی کردووە بە گورانی: وەفایی، تایەربەگی جاف، بابە تایەری هەمەدانی. پرسیار لەمەدایە، ئەوسا ئەکەدمیا و ڕاگەیاندن نەبووە، چۆن مۆسیقای ئێرانی بە جوانی ناسیوە؟ هونەرمەند عەباسی کەمەندی دەڵێ: عارفی قەزوینی ژەنیار و شاعیری گۆرانی بێژ لەو سەردەمەدا بە ماوەی یەک ساڵ بە شاری سنە تەبعید کراوە. وا دیارە چووەتە ناو کۆڕ و کۆبوونەوەی خان و بەگزادەکان و ناوبانگی سەیدی بیستووە و لە گەڵی ئیشی کردووە. ئەگەریش وا نەبێ سەید عەلی ئەسکەر خۆی داهێنەرێکی هەرە مەزن بووە و ئەو شێوازە جوانە هەر تایبەت بە خۆیەتی. مێلۆدیەکانی بریتین لە: دەنگی ژێر و گڕ (سێگا) کە بە دەنگی حەزین خوێندوویەتی بە شیعری بابە تایەری هەمەدانی رێ زەردی خەزان (بەیاتی تورک) . خەمئەنگێز (ئەفشاری) ، کورتەباڵا(دەشت).

چەند گۆرانییەکی وەک: دەردی هیجران ، ڕەفیقانی تەریقەت، نابێ هەی نابێ ، هەر وەک بازووبەند، بە دەنگی مۆسیقار ئەرسەلان کامکار، فەلەک باخەوان بە دەنگی جەلال محەمەدییان وتراوەتەوە. گۆرانیگەلی دەنگی هیجران و ڕەفیقانی تەریقەت، هەروەک بازووبەندیش بە دەنگی خوالێخۆشبوو حشمەتوڵڵای لوڕنژاد وتراوەتەوە.

سەیدئەسغەر کوردستانی بەم سازانەوە گوتوویەتییەوە؛ تار و کەمانچە و فلووت و دومەک.

قەوانی گۆرانییەکانی ماڵەوماڵ چووە و لای ساماندارەکانی شاری سنە، دەستاودەست گەڕاوە؛ بەو هێنان و بردنە بەشێک لە گۆرانییەکانی فەوتاوە، ئەوەیشەی کە ماوەتەوە سێنزدە گۆرانییەکە کە لە ساڵی ١٩٤٨ـی زایینی کە ڕادوێیەکەی سنە دامەزراوە ڕوونووسیان لێی هەڵگرتووە و بە ناو خەڵکەکەدا بڵاو بووەتەوە. ئەو بەڕێزە لە ساڵی ١٩٣٦ـی زایینی لە دێی سەڵواتاوی شاری سنە سەری یەک جارەکیی نایەوە. بەڵام چریکە و شنەی دەنگەکەی هەرگیز نامرێ و دڵ و ڕۆحی گەلەکەمان دەبووژێنێتەوە. ڕۆحی شاد

لە ماڵپەڕی ویکیپیدیایش کەڵکم وەر گرتووە.