رۆحی مووسەك جەمیل لە جەستەی مندایە
رۆحی مووسەك جەمیل لە جەستەی مندایە
مەحمود نەجمەدین
چەند ساڵێك بەر لە ئێستا،لە ئێوارەیەكی ساردی زستاندا،لە تۆمارگایەكی ناو بازاڕ كاسێتێكی (تایەرتۆفیق) م كڕی وبەرەو ماڵەوە بەڕێ كەوتم. بەدەم رێوە گۆرانی خاڵە تایەرم دەگوتەوە تا گەیشتمەوە ماڵ، و چوومە ژوورەكەی خۆم، دەرگاكەم داخست و سۆپا سۆلانەكەم داگیرساند، وردە وردە گەرم بوومەوە. ئەوسا كاسێتەكەم خستە ناو تەسجیلە كەوە و لەبەرپەنجەرەكەدا سەیری بەفربارینم دەكرد. بەفرێكی ورد وچڕ دەباری، بەفر سەر دیوار وحەوشە و باخەكەی داپۆشی بوو. دەنگی (تایەر تۆفیق) خەیاڵی بردبووم. لەپڕ دەنگی گۆرانی گۆڕا بۆ قسەكردنێكی ئاسایی. بەبیستنی ئەو دەنگە راچڵەکیم، خێرا كاسێتەكەم گێڕایەوە بۆ یەكەم پیتی قسەكان،بەوردی گوێم بۆگرت. ئێستاش وەك حیكایەتێك ئەو قسانە بۆ ئێوەی ئازیز دەگوێزمەوە.
قسەی ناو كاسێتەكە:
(من، مووسەك جەمیلم بەپێی خەونێك كە لە شەوێكی پاییزی ساڵی 1987دا بینیبووم، یەكەم ژیانم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زەردەشت پێغەمبەر. لە خەونەكەی ئەو شەوەدا پیاوێكی پیری ریش چەرموو هاتەخەونم و پێی گوتم "مووسەك یەكەم ژیانی تۆ هاوكاتە لە گەڵ ژیانی زەردەشتی مەزندا، ئەو رۆژەی ئەو لە دایكبوو، تۆش لە دایكبووی. كە زەردەشت چووە دەشت و دەر و لە چیاكاندا مایەوە و رۆچووە نێو بیركردنەوە و ڕامانەوە، تۆ لە گوندێكی دەوروبەری ورمێ سەرقاڵی كشتوكاڵ بووی، هەر بۆیە كاتێ زەردەشت گەڕایەوە ئاوەدانی، یەكەم جار بەو گوندەی تۆدا گوزەری كرد و لە یەكەم بینیندا سەرسامی خۆی بۆ تۆ دەربڕی، چونكە توانایەكی سەرسوڕهێنەری لە رۆحی تۆدا بەدی كرد، بۆیە داوای لێ كردی وەك موریدێك شوێنی كەوی، تۆش رازی بوویت و وەدووی كەوتی. لەبڵاوكردنەوەی پەیامەكەیدا یەكێكبووی لە هاوكارەكانی، لە هاوشانی ئەودا بەرەو رێگای راستی هەنگاوتان نا، پەیامی"كردەوەی چاك و بیركردنەوەی چاك و قسەی چاك" تان بەناو خەڵكدا بڵاودەكردەوە. تا ئەو رۆژەی زەردەشت بە دەستی تۆرانییەك لە تەمەنی 77 ساڵیدا كوژرا، تۆش بەویستی خۆت كۆتایی یەكەم ژیانی خۆت هەڵبژارد، لە كەشێكی رۆحیی هێمندا و لە پەرستگایەكی زەردەشتییەكاندا رۆحت لە جەستەی خۆت دابڕی، موریدەكان جەستەی سارد و بێ گیانی تۆیان لە سەر تاشەبەردێكی بەرز دانا، پاشان بەجێیان هێشت، باڵندەكان تێی ئاڵان و گۆشتەكەیان خوارد و ئێسكەكانیشت وردە وردە بوون بە خۆڵ. رۆحیشت وەك باڵندە فڕی. ئەمە یەكەم ژیانی تۆ بوو، دواهەمین ژیانیشت ئەم قۆناغەیە كەتێدادەژیت".
ویستم لە بارەی ژیانەكانی دیكەمەوە پرسیاری لێ بكەم و زانیاری زیاتر لە سەر ژیانەكانی خۆم وەربگرم. لەوە دابوو پرسیاری لێ بكەم، پیرەمێرد وەك باڵندەیەكی سپی لە پەنجەرەی خەونەكانەوە هەڵفڕی، لە چركەساتێكدا ونبوو. بەپێی ئەوخەونە ئەوە یەكەم ژیانی من بوو. دواهەمین ژیانیشم ئەمەیە كە ئێستا بۆ ئێوەی باس دەكەم. من (مووسەك جەمیل)م لە ساڵی 1969 لە گوندێكی دڵگیری ناوچەی هەورامان وەك كوڕە جوتیارێك لە دایكبووم، چەندین ساڵ وەك منداڵێكی گوندی ژیام، یاریم لە گەڵ دار و درەخت و گوڵدا دەكرد، بە شاخدا هەڵدەزنام و وەك سمۆرە بەدار گوێزەكاندا هەڵدەگەڕام. لە نێو بێستان و رەز و باخدا ژیام. بەجۆرێك عاشقی درەختەكان بووم، شكانەوەی لقی درەختێك دەیگریاندم. پاییزان لە گەڵ گەڵا و گوڵدا دەوەریم و بەهاران لە گەڵ ئەواندا دەگەشامەوە. لە دەورانی منداڵیمدا پشكۆی شۆڕشێكی تازە كڵپەی سەند. كوڕانی شار پەیتا پەیتا دەهاتنە گوند و شاخان، چەكی شۆڕشیان لە شان دەكرد. تا سەردەمی هەرزەكاریم لە ناوگوند دا دەژیام، لە گەڵ باوكمدا باخەوانی و كشتوكاڵم دەكرد، بەشەویش سەرقاڵی كڵاش چنین بووم، دایكم سەماوەری دادەگیرساند و چای بۆتێدەكردم و باوكیشم گوێی دەنا بەرادیۆكەوە، تاوێك گۆرانی سەی عەلی ئەسغەری كوردستانی و عەلی مەردان و ماملێ و....تاوێك وتار و بانگەوازی شۆڕشی نوێ و تاوێك بەرنامەی فۆلكلۆر و كەلەپووری كوردەواری و... لە یەكێ لەوشەوانەدا حاڵەتێكم بۆهات، وەك تەزوویەك بەرۆحمدا گوزەری كرد، ئەوكات هیچم دەربارەی رۆحانیەت و عیرفان نەدەزانی. شەوێكی گەرمی هاوین بوو، لە هەیوانی ماڵەكەماندا خەریكی كڵاش چنین بووم، گەرما تینی بۆ باوكم هێنا، جارجارە جامێك ئاوی بەسەری خۆیدا دەكرد. دایكم بەقاپێك میوەوە بەرەو رووم هات، لەو چركەساتەدا تارماییەك لە پێشی دایكمەوە بەرەو رووم هات، وەك كزەبایەك بەرجەستەم كەوت. سەرەتا زۆر ترسام، دوایی وردە وردە ئارام بوومەوە، حاڵەتێكبوو منی لە دونیا دابڕی..
بەهۆی شەڕ و پێكدادانی پێشمەرگە و بەعسییەكانەوە ژیانی گوند بێ لەزەت بوو، بەعسییەكان زوو زوو هەڵیان دەكوتایە سەر گوندەكەمان، ئیتر لە تەمەنی شانزەساڵیدا لە سەر داوای باوكم بەنابەدڵی گوندم بەجێ هێشت و لە خانەقای بیارە بووم بەفەقێ. چەند ساڵێك لەوخانەقایەدا سەرقاڵی خوێندنی ئاینی بووم. ئەو خەونەی كە لە سەرەتادا بۆم باس كردن لەو رۆژگارەدابوو. ئەو خەونەی سەر لەبەری ژیانمی گۆڕی، كەوتمە سەودای رۆحانیەت، هەرچی كتێبی كۆن و دەستنوسەكانی نێوكتێبخانەی خانەقابوو خوێندمەوە. لە هەمووی كاریگەرتر دەستنووسێك بوو، ناوی كەسی بەسەرەوە نەبوو. ئەو دەستنووسە دەروازەیەك بوو بۆ ناسینی حەق، شەوقێك بوو تاریكستانی بیرمی رووناك كردەوە. شەوانە تا درەنگ بیرم دەكردەوە. لە ئەستێرە و مانگ و تاریكی شەو ڕادەمام. شەوێكی ساردی زستان لە گەڵ چەند فەقێیەكی هاوڕێمدا لە دەوری سۆپایەكی دار دانیشتبووین بەڕوومان دەبرژاند، جارێكی تر تارمایی هاتەوە، لە نێو ئەو هەموو فەقێیەدا باوەشی بەمندا كرد. بەپێچەوانەی جاری پێشووەوە ئەم جارەیان نەترسام، شاگەشكەبووم بەو پەیامە رۆحیە. فەقێكان دركیان بەهیچ نەكرد. زۆر ئاسوودەبووم، نوری حەق رۆحمی رۆشنكردبووەوە. ساڵانێك لەو خانەقایەدا ژیام. لێرەدا دەنگی مووسەك جەمیل بڕا و گۆرانی (تایەر تۆفیق) دەستی پێكردەوە (ئااااخ دڵە بەهیوای گەردن پڕ خاڵان خۆت مەدە لە تیری موژەی چاوكاڵان ئەی هاوار ئەی هاوار ئەی هاوار... ئاخ لە بۆت بابمێنم.. ئۆۆۆ سەیری گوڵێ بكە لە عەشقی گوڵدا یەخەی خۆی دڕی دای بەقەد چڵدا ئاااای لە من ئااای ...بێهودە بولبول لەم چڵ بۆ ئەم چڵ لە بەردەردی دڵ وابێدەنگە گوڵ ئەی هاوار ئەی هاوار ئەی هاوار...) دیسان دەنگی گۆرانی بڕا و دەنگی مووسەك دەستی پێكردەوە (لە ساڵی 1991 خەڵكی شارەكان راپەڕین و پێشمەرگەش لە چیاكانەوە بۆ شارەكان دابەزین، شەڕ دەستی پێكرد، پێشمەرگە و خەڵكی داخ لە دڵ و چەوساوە هەڵیان كوتایە سەر بارەگاكانی بەعس، بەعسییەكان بەرەو خوارووی عێراق هەڵهاتن. خەڵكێكی زۆریش ئاوارەبوون. من و چەند فەقێیەك لە گەڵ هەزاران مرۆڤی كورد دا ئاوارەبووین، بەژێر بەفر و باراندا، بەنێو قوڕ و چڵپاودا ڕەومان كرد. رۆژگارێكی سەخت و دژواربوو، كەس بە كەس نەبوو، مرۆڤ جەستەی خۆی لێ باربوو. دوور لە كەس و كار، بێ ئاگا لە باوك و دایكم، بەتوورەكەیەك دەستنووسەوە بەڕێكەوتم. هەر زوو لە فەقێكانی هاوڕێم دابڕام. لە رێگای سەخت و سارد دا سەدەها منداڵی ساوا و پیرێژن و پیرەمێرد رەقبوونەوە، دایك منداڵی لێ ون دەبوو، كوڕ لە باوك دابڕا... چەندەها ترومبێل لە كار دەكەوتن و بەپاڵ بۆ نێو شیوەكان تل دەكرانەوە. چەندەها ئوتومبێلیش دەرەقەتی هەورازەكان نەدەهاتن و پاشە و پاش دەگەڕانەوە بۆ نشێو و دۆڵەكان. دەنگی گریان و هاوار و پاڕانەوە و نزا و گرمەی هەور تێكەڵ یەك بوون. پاسدارەكان لە سەر لۆرییەكانەوە خواردنیان بۆ خەڵكی فڕێ دەدا، بەهەزاران كەس لە ژن و پیاو و منداڵ و پیر پەلاماریان دەدا، چەندەها كەس كەوتنە ژێر پێوە، بۆ سێوێك، نانێكی بێ خوێ... لە ژێرپێدا مردن. ماسی و پەنیری قوتوو سەری چەندەها كەسی شكاند. برسێتی فشاری بۆ هێنابووم، لە دوورەوە سەیری ئەو عەشاماتەم دەكرد، كە چۆن خۆیان بۆ خواردن هەڵدەدا، لەوكاتەدا سێوێكی زەرد لە ژێر پێی خەڵكەكەوە غلبووەوە بۆ بەردەم پێم، منداڵێك لە دوورەوە بەراكردن بۆی هات، بەسكی برسی بۆ سێوەكە نووشتامەوە، هەڵمگرت و بەفەروەی قەمسەڵەكەم سڕیمەوە. منداڵەكە نائومێدبوو، لە چاوەكانیدا غەمێكی قوڵم بەدی كرد، برسێتیم بیرچووەوە، بانگم لێ كرد و سێوەكەم بۆ هەڵدا، هەردوو دەستی و دەمی بۆ كردەوە. هێشتا گەدەم لە برسا هاوار دەكات. بەڵام دڵم ئارامی گرت. خوای من كردی و سێوێكی دی غلبووەوە بۆ بەرپێم، ئەویشم گرتەوە و دیسانەوە بەفەروەی قەمسەڵەكەم سڕیمەوە و بەرقەپمدا. پاش چەند رۆژێك رۆیشتن، چوومە خاكی ئێرانەوە. چەند شەوێك لە مزگەوتێكی شاری سنە مامەوە، تا ماندوویم حەسایەوە، پاشان چوومە تاران. لەوێش ڕانەهاتم، چوومە ئەستەمبوڵ و لە تەكێیەكدا نیشتەجێ بووم، وەك دەروێشێك زیكری خوام دەكرد. جەستەم فەرامۆشكرد و لە گەڵ رۆحمدا ژیام، زیكر و بیری حەق دونیای فانی بیربردمەوە. پێم لە سەر زەوی بوو و رۆحم لای حەق بوو، بەولەونە گوزەراندم تا پاییزی 1999، لە تەمەنی سی ساڵیدا دواهەمین ژیان ژیام. لە كازیوەیەكی بەهارداو لە یەكێ لە ژوورەكانی تەكێدا چووبوومە خەڵوەتەوە، چاوەكانم لە یەك نا و رۆحم لە جەستەم جیابووەوە و ئێستایش چاوەڕوانی ...).
دیسانەوە دەنگی مووسەك جەمیل بڕا، بەڵام گۆرانی دەستی پێنەكردەوە تەنها خشەخشێك دەبیسترا تا كۆتایی كاسێتەكە. چەند جارێك كاسێتەكەم ئەمدیو و ئەودیو كرد، بە وردی گوێم لێ گرت، هیچی دیكەم دەست نەكەوت. بۆ رۆژی دوایی چوومەوە بۆ هەمان تۆمارگا و لە گەڵ خاوەن تۆمارگەكەدا لە بارەی ئەو حیكایەتەوە قسەم كرد. بەداخەوە ئەویش شتێكی ئەوتۆی لەو بارەیەوە نەدەزانی و گوتی: من ناوم كاژاوە و باوكم بەسەرداری تۆمارگە ناسرابوو، بەر لەچەند مانگێك لێرەدا و لەناو ئەم كاسێتە كۆنانەدا مرد. پتر لە سی ساڵە ئەم دووكانەمان هەیە، لەمنداڵییەوە لەم دوكانەدا كار دەكەم، زۆربەی ئەوانەی سەردانی ئێرە دەكەن دەیانناسم، تەنانەت زۆرێك لە هونەرمەندەكان روویان لەم تۆمارگایە كردووە، بۆ زۆرێك لە كاسێتەكان پرسیارم لە باوكم كردبوو، زانیاریم لە بارەیانەوە وەرگرتبوو، كەچۆن تۆماری كردوون، بەڵام بۆ ئەو كاسێتە، وەڵڵا خۆشم توشی سەرسوڕمان بووم، ئەو قسانە لەو كاسێتەدا چین؟! پێدەچێ باوكیشم ئاگادار نەبووبێت، ئەگەرنا بۆی باس دەكردم.
قسەكانی كاژاو نائومێدی كردم، بەڵام هەر لە سەر ئەو باوەڕە بووم زانیاری زیاترم دەست دەكەوێت، بۆیە ناونیشان و ژمارە تەلەفۆنی خۆم دابەكاژاو، هەر ئەو رۆژە داوام كرد هەموو كاسێتەكانی (تایەر تۆفیق) م بۆ تۆمار بكات، كە لە دووكانەكەیدا بوو. دوای ئەوەی چوومە ماڵەوە یەك بە یەك كاسێتەكانم تاقی كردەوە و بەوردی گوێم لێ گرتن، تاوەكو بەشە ونبووەكەی حیكایەتی (مووسەك جەمیل) م دەستكەوێت، بەداخەوە هیچم دەست نەكەوت. بیركردنەوە و گەڕان هیچ سوودێكی نەبوو. چونكە مووسەك جەمیل جگە لەخۆم كەسی تر نەبوو.
Normal 0 false false false EN-US X-NONE AR-SA